سایز متن   /

هۆشیار کوردستانی//

سه‌باره‌ت به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی نووسینێکی ئالدار خه‌لیل لە ڕۆژنامەی ڕوناهی نێت دا لە ژێر سەردێڕی ” ئێمە شێخ نه‌مرمان ئیعدام نەکردووە ” نوسینێکی بڵاوکردووەتەوە کە وەک کاری هەمیشەییان پڕە لە بوختان و شتی ناڕاست. بۆیە بە پێویستم زانی کە زۆر بەکورتی چەند ڕاستییه‌ک بۆ ڕای گشتی بخەمە بەرچاو.

سەرەتا بە ئالدار خلیل دەلێم ڕاستە ئێوە شێخ نمرتان نەکوشتووە بەڵام لەبیری هیچ کەسێکی خاوەن ویژدان لە ڕۆژئاوای کوردستان نەچووەتەوە کە ئێوە لە هیچ و خۆڕایی قارەمانانی وەک نەسرەدین بره‌ک لە چل ئاغا و بهزاد دورسن و شوفێرەکەی لە دێرک و شێخ حه‌نان به‌کر و هەردوو کوڕەکانی بەناوی شێخ عبدولره‌حمان و شێخ نوری لە عه‌فرین کە جەنازەکەتان لەناو شاردا بەدوای سەیارەدا ڕاکێشرا و شه‌رڤان سه‌یدۆ لە گوندی ماسەکا سەر بە ناحیەی ڕاجۆ و جوان قتنە لە دربێسییە و مه‌حمود والی لە سەرێ‌ کانیێ‌ و زوهێر ئه‌حمه‌د ئه‌یوب لە قامیشلۆ و پزیشک شێرزاد حاجی ره‌شید لە حەلەب و هیوی عه‌بدو و کوڕەکەی مستەفا عه‌بدۆ لە کوبانێ‌ و زۆری تر کە لەم نوسینەدا جێگەی هەموویان نابێتەوە، تەنیا لەو ماوە کورتەی دەسەڵاتی بەزۆر سەپێنراوتاندا شەهیدتان کردوون.

ئالدار خلیل ڕاست دەکات کە شێخ نه‌مری نەکوشتووە بەڵام لەبیری نەچووەتەوە کە بە نوێژی نیوەڕۆ مانگرتوانی شاری عامودایان لە ۲۷/۶/۲۰۱۳ لە ناوەڕاستی شاردا دایە بەر دەستڕێژی گوله‌ و شەش کەسیان لێ‌ شەهید کردن کە بریتیبوون لە ئاراس بنکو، سعد سیدا، نادر خلو، برزان شیخی، علی عه‌بدی وە شێخموس حه‌سه‌ن.

تاکو ئێستا بە سەدان کوردتان لەسەر بۆچوونی جودا و ئایدولوژیای جودا خستونەتە زیندانەکانتانەوە و ئەشکەنجەتان داون و بێ‌ سەر و شوێنتان کردوون کە هیچیان شێخ نه‌مریان نەکوشتبوو.

چەندین سەرکردەی سیاسی دیارتان کە هەموو تەمەنیان لە بەرگری لە مافی گەلەکەیان بردووەتە سەر بە چاوبەستویی پەلکێشی سەر سنوور کردن و بە جلوبەرگی خەوەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان وەدەرتان نان و ڕێگریتان لە چەندانی تریش کرد کە بگەڕێنەوە وڵاتی باب و باپیرانیان. دەبێت بەبیر ئالدار خەلیلی بێنینەوە کە هیچ یەک لەوانە شێخ نه‌مری ئیعدام نەکردبوو، تەنیا تاوانیان ئەوەبوو کە لەگەڵ سیاسەتە چەواشەکار و چەوتەکانتاندا نەدەگونجان. ئەوەی ئێوە کردووتانە حیزبی بەعسی سوریش هەرگیز شتی وای لەگەڵ کورد نەکردووە.

ئەم زاتە لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان چەندە یارمەتی داوون و ئەوەی لەدەستیان هاتبێت لە هەموو بوارێکەوە درێخیمان بۆیان نەکردووە. بەڵام هەرگیز ئەوەیان لەبەر چاو نەبووە و زۆر بێ‌ ویژدانانە شتەکانیان سەرواژۆ کردوونەتەوە و بە هەڵبەستنی بوختان وەڵامی چاکەکانیان داونەتەوە.

ئەوەش کە تا ئێستا چەند جارێک لەسەر سنور ڕێگە لە چەند بەرپرسێکیان گیرابێت تەنیا کاردانەوەێک بووە بەرامبەر کارە قێزەوەنەکانیان و بیرهێنانەوەێک بووە بۆ وازهێنان لە هەلوێستە نانیشتمانیی و دکتاتۆرانەیان، کە بەداخەوە ئەمەش تا ئێستا هیچی سودێکی نەبووە.

دوای ئەو هەموو هەوڵه لە ڕێککەوتننامەکانی هەولێر ۱و ۲ و دەهۆک و هیتر دەبێنێتەوە، کەچی پەیەدە پابەند نەبوو بەیەک بڕگەش لە هیچ ڕێککەوتنێکدا کە واژۆیان لەسەریان کردبوو. دوای واژۆکردنی هەر ڕێککەوتن نامەێک کە لە سنور پەڕیونەتەوە تەنیا ئەوەیان کردوە کە بەرژەوەندی حزبیی خۆیانی تێدابووە و هیچی تر.

پەیەدە دکتاتۆر ئاسا، بە تۆقاندن و زەبری لولەی تفەنگ و پشتیوانی مخابەراتی حکومەتی سوریی دەستەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە و بێڕێزی و سوکایەتی بە هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەن کە لەگەڵیان نین، کە زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دەهێنن.

لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەتان کوردستان لە گەنج و لاوی کورد چۆل بووە و خەلکی غەیری کورد شوێنی ئەوانی گرتووەتەوە. بەبیانووی دروستبوونی شەڕی براکوژی ڕێگەتان لە سەدان و بگرە هەزاران گەنجی کورد گرتووە کە پارێزگاری لە گەل و نیشتمانیان بکەن، کەچی جگە لە کورد هەموو لایەن و حزبی تر بۆیان هەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزی چەکداری خۆیان هەبێت بە ڕژێمیشەوە.

ئەم سیاسەتە چەوتەی ئێوە و بەزۆر خۆسەپاندنەتان و قبول نەکردنی خەلکی تر لە زیان زیاتر بۆ رۆژئاوای کوردستان هیچی تری بەدواوە نابێت، بەتایبەتی لەم هەل و مەرجەی ئێستادا. بۆیە باشترە بەخۆتاندا بچنەوە و بیر لە بەرژەوەندی گشتی بکەنەوە کە ئێوەش بەشێکن تیایدا.

اشتراک گذاری در فیسبوک اشتراک گذاری در توییتر اشتراک گذاری در گوگل پلاس
برچسب ها:
دیدگاهها

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد

قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی