- سایت خبری تحلیلی کورد پاریز | KURDPAREZ - https://kurdparez.com -

دیداری چارنسکی و پارتی

پەرلەمانتارێکی گۆڕان نھێنی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ھەرێم ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت ئەو بەرپرسە لەکاتی پشووی فەرمی خۆی و لەپێناو چەندین ملیۆن دۆلار ئەو سەردانەی بۆ ھەولێر ئەنجامداوە.

کوردپارێز/ ڕۆژی (٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١۶) ڕیچارد چارنسکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا گەیشتە ھەرێمی کوردستان و سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد، بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی پارتی و تورکمانەکان کۆبۆوە.

لەبارەی ئەو سەردانەشەوە، عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی:” ھیچ پێتان سەیر نەبێت لەبەرامبەر چەندان ملیۆن دۆلار، سەردانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ئەنجام دراوە”.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ھەموو دامودەزگاکانی ئەوروپا لەڕۆژانی ٢۴ی کانوونی یەکەمی٢٠١۵ەوە تاوەکو ۴ی کانوونی دووەمی ٢٠١۶  لەپشووی فەرمیدان، بەھیچ شێوەیەک کاری فەرمیان نییە، دەشڵێت:” جێگەی سەرسوڕمانە پێنجەم جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، کە کەسێکی پۆڵۆنییە، ڕۆژی یەکشەمەو پشووی سەری ساڵ ئەو سەردانەی بۆ ھەرێم ئەنجامداوە”.

ئاشکراشیکردووە، ئەو سەردانە لەپشووی فەرمی خۆیدا بووەو لەپێناو چەند ملیۆن دۆلارێکدا ئەنجامیداوە.

عەلی حەمەساڵح ڕەخنەی توند ئاراستەی پێنجەم جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا دەکات و ئەوەشدەخاتەڕوو کە جێگەی شەرمە بۆ بەر پرسێکی باڵای ئەوروپا بەو شێوە ئاسان و سادەیە بکەوێتە داوی مافیاکانی کوردستانەوە، کە تەنھا سەردانی فراکسیۆنی پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان بکات کە پارتییە.

سەبارەت بەئاگاداربوونی ئەو بەرپرسەی پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر بارودۆخی ھەرێم، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت:” بەداخەوە کە دەزانێت سەردانی پەرلەمانێکی داگیرکراوی کردووە”.

لەبارەی ھەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمانیش لەسەر ئەو سەردانەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، عەلی حەمەساڵح نوسیویەتی:” نامەیەک بە زمانە جیاجیاکان ئاراستەی پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکانی ئەوروپا کراوە”.

س: باسنیوز