سایز متن   /

پارتی دیموکراتی کوردستان گەشبینی خۆی دەردەبڕێت بەپێکهێنانی حکومەت بەبێ گۆڕان، بەڵام ئەو سێ‌ حزبەکەی لەگەڵ بزووتنەوەکەدا پرۆژەی هاوبەشیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم، نایانەوێت پشت لەیەکتری بکەن‌و جەخت لەمانەوەی یەکڕیزی بەرەی چوار لایەنەکە دەکەن.

ئەو هەڵوێستەی پارتی، دوابەدوای بڕیاری مەکتەبی سیاسییان دێت بۆ دورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمان‌و وەزیرەکانی گۆڕان لەکابینەی هەشتەمی حکومەتدا، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ‌ دووشەممە لەبازگەی پردێ‌ رێگە لەیوسف محەمەد‌و ژمارەیەک پەرلەمانتار نەدرا بچنەوە بۆ هەولێر.

چوار لایەنەکە (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ‌و یەکگرتوو) ئاماژە بەوەدەکەن سورن لەسەر هەڵوێستەکانی پێشوتریان لەپەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم، دژی رێگرییەی پارتیش دەوەستنەوە لەسەرۆکی پەرلەمان.

پارتیش لەهەوڵی ئەوەدایە بەبێ‌ گۆڕان‌و بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتی‌و یەکگرتوو، حکومەتێکی نوێ‌ پێکبهێنێت.

بۆ هێورکردنی دۆخەکە، بڕیارە ئەمڕۆ کۆبونەوەی لوتکەی سێ‌ لایەن (یەکێتی، کۆمەڵ‌و یەکگرتوو) ئەنجامبدرێت، دواتر لەگەڵ پارتی‌و گۆڕاندا تاوتوێی چارەسەری کێشەکان بکرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان، ئامادەنیە بچێتە ژێرباری بڕیاری دورخستنەوەی لەحکومەت‌و پەرلەمان، پێیوایە ئەو هەنگاوەی پارتی پەیامێکە بۆ لایەنەکانی دیکەش.

بەهار مەحمود، پەرلەمانتار‌و ئەندامی وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان، بەهاوڵاتی وت “پێموانیە هیچ لایەنێک بەرەی چوار لایەنەکە جێبهێڵێت، ئەو پەیامەی پارتی بۆ گۆڕانی نارد بەرێگرتن لەسەرۆکی شەرعیترین دامەزراوەی هەرێم، پەیامێکە بۆ لایەنەکانی تریش”.

یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان، دوێنێ‌ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای ئەوەی رێگەی چونە هەولێر لێگیرا، ئەو هەنگاوەی بە”داگیرکردنی هەولێر”‌و “کودەتا” ناوبرد، جەختیکردەوە لەسەر بەردەوامی کارەکانیان لەپەرلەمان.

بەهار مەحمود دەڵێت “پارتی شەریکایەتی قەبوڵ نیە، بەڵکو پاشکۆیەتی لەلایەنەکان دەوێت، بۆیە لایەنەکانی تریش لەپارتی تێگەیشتون، پارتی لەنێو مەکتەبی سیاسیەکەیەوە کە خاوەنی لەسەدا ۳۵ی دەنگەکانی هەرێمە بڕیاری دورخستنەوەی وەزیر دەدات، ئەمە پەیامی رونە بۆ هەموو لایەنەکان”.

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژە بەوەدەکات کە ئەوان بەرەی چوار لایەنەکە بەجێناهێڵن، دەشڵێت بەیەکگرتنیان پارتی پەشیمان دەکەنەوە.

هەورامان وتی “کۆمەڵی ئیسلامی هەرگیز پشت لەسێ‌ لایەنەکەی ترناکات، پارتی تەماشای هەڵوێستی سێ لایەنەکەی تر دەکات ئەگەر سێ‌ لایەنەکە پشت لەگۆڕان بکەن ئەوا پارتی بڕیارەکەی دەباتە سەر، بەڵام ئەگەر چوارلایەنەکە پشتی یەک بگرن پارتی پەشیمان دەبێتەوە”.

‌ دووشەممە، فەخردەین قادر سکرتێری پەرلەمان لەپشکی کۆمەڵ، پەرلەمانی بەجێهێشت‌و لەرونکردنەوەیەکدا ئیدانەی رێگریکردنی لەسەرۆکی پەرلەمان کرد.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدات‌و هاوکات جەخت لەسەر پاراستنی بەرەی چوارلایەنەکە دەکات، رەتیشیدەکاتەوە بەبێ گۆڕان بەشداریی حکومەت بکات.

گەشە دارا، ئەندامی پەرلەمان لەفراکسیۆنی یەکێتی، بەهاوڵاتی وت “دەرکردنی گۆڕان لەهاوکێشە سیاسیەکە کارێکی خراپ‌و هەڵەیە چونکە خاوەنی جەماوەری خۆیەتی، یەکێتی دەبێت نێوانگیری بکات‌و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدات، دەبێت یەکێتی هەوڵبدات دۆخەکە بگەڕێنێتەوە ئەو خاڵەی کە پێشتر تێیدا وەستابوین”.

دەربارەی بەشداریکردنی یەکێتی لەحکومەتدا بەبێ‌ گۆڕان، گەشە دارا وتی “یەکێتی حزبێکی جیاوازە لەگۆڕان بەڵام تێکدانی حکومەتی تەوافوقی لەبەرژەوەندی هیچ لایەک نابێت”.

یەکێتی پێشتر لەراگەیاندراوێکدا داوایکرد حکومەتی ئێستا تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو بمێنێتەوە، ئەوەش دوای کۆبونەوەی یەکشەممە ۱۱ی ئەم مانگەی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە هات.

وەسفیە بەنی وەیس، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیوتی “نابێت چوار لایەنەکە هیچ کامیان بەبێ‌ ئەوەی تر بەشداری حکومەت بکات، خۆ ئەمە فەنتەلۆس نیە لایەنێک بێت‌و بەئارەزوی خۆی لایەنەکانی تر لەحکومەت دەربکات”.

هەروەها بەپێویستی زانی “چوار لایەنەکە پشتی یەک بگرن‌و هەوڵبدەن رێکبکەون لەگەڵ لایەنی بەرانبەر، چونکە دۆخی ئێستا پێویستی بەیەکڕیزیە”.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەوڵدایە بەبێ گۆڕان حکومەت پێکبێنێت بەرازیکردنی لایەنەکانی تر، پێشیوایە سێ‌ حزبەکە گۆڕان بەجێدەهێڵن.

نوری حەمە عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، بەهاوڵاتی وت “گۆڕان حەزی لەهاوار‌و ئۆپۆزسیۆن بونە، با بۆ خۆی بڕوات ئۆپۆزسیۆن بێت”.

دەربارەی ئەگەر لایەنەکانی تر رازی نەبون بەبێ‌ گۆران بەشداری حکومەت بکەن، وتی “دڵنیام لایەنەکانی تر رازی دەبن‌و بەهەر چوار لامانەوە حکومەت تەشکیل دەکەین”.

بڕیارەکەی پارتی بۆ دورخستنەوەی گۆڕان لەحکومەت‌و پەرلەمان دوای ئەوەهات، بزوتنەوەکەیان تۆمەتبارکرد بەئاژاوەگێڕی‌و هاندانی خەڵک بۆ سوتاندنی بارەگاکانی پارتی لەخۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوی ناوچەکانی سلێمانی‌و هەڵەبجە.

نوری حەمە عەلی، دەربارەی ئەگەری پاشگەزبونەوەی پارتی لەبڕیارەکەی، جەختیکردەوە “پارتی بەئاسانی بڕیار نادات‌و درەنگ بڕیار دەدات، بەڵام کە بڕیاریدا بڕواناکەم بەئاسانی پەشیمان ببێتەوە”.

یەکگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت کە هەر لەسەرەتاوە پێشبینی دۆخەکەیان کردوە، بۆیە داوای لەیەکتر گەیشتن‌و سازانیان کردوە لەنێوان لایەنەکاندا، تاکو ئەزمونەکە لەدابەشبون‌و لێکترازان بپارێزن.

عومەر محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو، دەربارەی بەشداریکردنی حزبەکەی بەبێ‌ گۆڕان لەحکومەتدا، بەهاوڵاتی وت “حکومەت هەڵنەوەشاوەتەوەو پارتی بڕیاری کۆتایی نەداوە، بۆیە مەجالی ئەوە ماوە بگەینە رێککەوتن”.

لەبەیاننامەیەکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتودا کە دوێنێ‌ بڵاوکرایەوە، داوا لەهەمولایەک دەکەن بەدان بەخۆداگرتن‌و دوربینی‌و ئایندەسازی، دوور لەزمانی زبرو گیانی تۆڵەکردنەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، تاکو “ئاراستە هەڵەی پرۆسەی سیاسی رابگرین‌و ئەزمونی نیمچە دیموکراسیمان بگێڕینەوە بۆ رێڕەوە سیاسیەکەی خۆی”.

هەروەها نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەرێگریکردنی گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر.

هەشت فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی رێگریکردن لەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی بازگەی پردۆی –رێگای نێوان کەرکوک‌و هەولێر-، بەئاماژەیەکی مەترسیدار‌و لێدان لەشەرعیەتی پەرلەمانی دەزانن.

لەبەیاننامەیەکدا کە هەریەکە لەفراکسیۆنەکانی یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتو، کۆمەڵ، بزوتنەوەی ئیسلامی، بەرەی تورکمانی، ئەبنا نەهرەین‌و فراکسیۆنی ئازادی دەریانکردوە، ئیدانەی رێگریکردن لەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەن بۆ ئامادەبونی لەتەلاری پەرلەمان.

ئەو فراکسیۆنانە رایدەگەیەنن “روداوەکە ئاماژەیەکی مەترسیدارە کە لەگەڵ خەبات‌و قورباندیانی میلـلەتەکەمان یەکناگرێتەوە‌و لێدانە لەشەرعیەتی پەرلەمان، لەکاتێکدا ئەندامانی پەرلەمان بەسەرۆکی پەرلەمانیشەوە بەدەنگی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردراوە‌و متمانەی پێدراوە”.

هەروەها هاتوە “پەرلەمان تاکە مەرجەعی یاسایی‌و سیاسی هەرێمی کوردستانە، بەپێویستی دەزانین لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ‌و دانوستان‌و کاری هاوبەش، چونکە هیچ لایەنێک بەتەنیا خاوەنی هەرێمی کوردستان نیە”.

توندبونی زیاتری بارگرژیەکانی ئێستا دوای ئەوەهات، لەچەند رۆژی رابردودا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی چەندین ناوچەی گرتەوە، بەهۆی نەبونی موچە‌و بەردەوامی بێئەنجامی کۆبونەوە پێنجقۆڵیەکانەوە بۆ چارەسەری پرسی سەرۆکایەتی هەرێم.

لەو ناڕەزایەتییانەدا، پێنج هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا‌و زیاتر لە ۱۰۰ کەس برینداربون، هەروەها هێرشکرایە سەر چەند بارەگایەکی پارتی‌و بارەگای حزبەکانی دیکەش لەچەندین ناوچە ئاڵاکانیان هێنرایە خوارەوە.

سه‌چاوه: هاوڵاتی

اشتراک گذاری در فیسبوک اشتراک گذاری در توییتر اشتراک گذاری در گوگل پلاس
برچسب ها:
دیدگاهها

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد

قالب وردپرسدانلود رایگان قالب وردپرسپوسته خبری ایرانیقالب مجله خبریطراحی سایتپوسته وردپرسکلکسیون طراحی